11 12 2025

هەشتەمین خولی داوەریی مۆری ڕەسەنایەتیی نیشتمانی بۆ بەرهەمە دەستییەکان، بە ئامانجی ناسینەوە و پشتیوانیکردنی بەرهەمهێنەرانی بەرهەمە دیار و ڕەسەنەکانی پارێزگای کوردستان، هاوکات لەگەڵ حەفتەی توێژینەوە و بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی فەرهەنگیی پارێزگا و کۆلێژی هونەر و تەلارسازیی زانکۆی کوردستان، بەڕێوە چوو.

بەڕێوەچوونی هەشتەمین خولی داوەریی مۆری ڕەسەنایەتیی نیشتمانی بۆ بەرهەمە دەستییەکان لە زانکۆی کوردستان

بەپێی ڕاگەیاندنی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، پوویا تاڵب‌نیا، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی فەرهەنگی، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگا، بە ئاماژەدان بە بەشداریی بەرفراوانی هونەرمەندانی کوردستان، گوتی: «لەم خولەدا ٨٧ بەرهەم هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، کە لەنێویاندا ٣٣ بەرهەم سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی مۆری ڕەسەنایەتیی نیشتمانی.» ناوبراو فرەچەشنیی بەرهەمە پێشکەشکراوەکانی بە جێی سەرنج زانی و گوتی ئەم بەرهەمانە لە بوارەکانی سازکردنی ئامێری مۆسیقا، چنینکاریی سوننەتی، کاری وردی دار، بڕیچنین، چەرمسازیی سوننەتی، خەڕاتیی دار، شەبەکەسازیی دار، ئەرخەوان‌چنین و پۆستەک‌چنیندا پێشکەش کرابوون.

دکتۆر سەڵاحەدین مەولانایی، ڕاگری کۆلێژی هونەر و تەلارسازیی زانکۆی کوردستان، ئامانجی هاوکاریی زانکۆی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی فەرهەنگیدا بە «بەرزکردنەوەی ئاستی فێرکاریی هونەر و پیشە دەستییەکان، پەرەپێدانی ڕەسەنایەتی لە بەرهەمە هونەرییەکاندا و پشتیوانیکردن لە هونەرمەندە بەتواناکانی پارێزگا» ناو برد و ئەم بۆنەیەی بە هەنگاوێکی کاریگەر لە ناساندنی توانستە هونەرییەکانی کوردستاندا زانی.

بەپێی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی فەرهەنگی، تا ئێستا ٢١٠ بەرهەمی پیشە دەستیی کوردستان مۆری ڕەسەنایەتیی نیشتمانی و ١٠ بەرهەمیش مۆری ڕەسەنایەتیی جیهانییان بەدەست هێناوە. مۆری ڕەسەنایەتیی نیشتمانی هەر دوو ساڵ جارێک و لەسەر بنەمای چوار پێوەری ڕەسەنایەتی، کوالێتی، داهێنان و توانای بازاڕسازی، لەلایەن کارناسان و پێشەنگانی بواری پیشە دەستییەکانەوە هەڵدەسەنگێندرێت.