08 06 2026

جێگری توێژینەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە چواردەیەمین کۆنگرەی زانستەکانی باخداریی ئێراندا ڕایگەیاند:

دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بەبێ تەکنەلۆژیا نوێیەکان مەحاڵە

جێگری توێژینەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا بە ئاماژەدان بەو تەحەدییانەی کە لەبەردەم وڵاتدان لە بواری سەرچاوە ئاوییەکان و دابینکردنی خۆراک، ڕایگەیاند: بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، ناچارین پەنا بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە کەرتی کشتوکاڵدا ببەین.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ سەید مەهدی ئەبتاحی، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چواردەیەمین کۆنگرەی باخداریی ئێران کە بە میوانداریی زانکۆی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەو زیانانە کرد کە بەر ژێرخانەکانی وڵات و پیشەسازییە گەورەکان کەوتووە و ڕایگەیاند: لە پاڵ ئەم بابەتانەدا، ئابووریی پشتبەستوو بە تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) تووشی زیان بووە و بێکاری لە هەندێک کەرتی پیشەسازیدا کێشەی جۆراوجۆری دروست کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاستی خۆڕاگریی وڵات لە بواری بەرگریدا بەهۆی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای ناوخۆیی و پێشکەوتوو لە دۆخێکی گونجاو دایە، وتیشی: ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە، چونکە ئەم توانایە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیایەک بونیاد نراوە کە لە ناوخۆی وڵاتدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی گەشەکردن، هەر بۆیە وڵات توانیویەتی پێگەی بەرگریی خۆی لە ئاستێکی پەسندکراودا بپارێزێت.

ئەبتاحی وتیشی: نەوەی گەنج سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ وڵات، بەڵام لە پاڵ سنوورداریی تواناکانی ژینگەدا، ئەم نیگەرانییە هەیە کە ئایا لە داهاتوودا دەتوانرێت وەڵامی پێداویستییەکانی دانیشتووان، بەتایبەت لە بواری ئاسایشی خۆراکدا بدرێتەوە؟ جەختیشی کردەوە کە هەموو ئەم تەحەدی و دژبەیەکانە تەنیا لە ڕێگەی گرنگیدان بە داهێنان و تەکنەلۆژیا چارەسەر دەبن و لەم نێوەندەشدا کەرتی باخداری دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر بگێڕێت.

جێگری وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکان لە شێوازەکانی چاندندا کرد و وتی: پەرەپێدانی خانووی شووشەیی مۆدێرن، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و سوودوەرگرتن لە شێوازەکانی وەک ئاودێریی ژێر زەوی، بەشێکن لەو ڕێگەچارەیانەی کە ڕێڕەوی تێپەڕین لە تەحەدییەکان نیشان دەدەن. لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە لە وڵاتێکدا کە بەشێکی زۆری کەشوهەوای وشک و کەم‌ئاوە، دەبێت ڕوانینەکان بەرەو بەهای ئابووریی بەرهەمەکان بگۆڕدرێن و هاوشانی تەکنەلۆژیا، بایەخ بە داهاتی زیاتر و بەهای زیادکراو بدرێت.