سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە چواردەیەمین کۆنگرەی زانستەکانی باخداریی ئێراندا ڕایگەیاند:
یەکەیەکی خانووی شووشەیی زیرەک لەلایەن زانکۆی کوردستانەوە دادەمەزرێنرێت
سەرۆکی زانکۆی کوردستان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی چاندنی خانووی شووشەیی لە پارێزگاکەدا، هەواڵی دامەزراندنی یەکەیەکی خانووی شووشەیی زیرەکی لەلایەن زانکۆی کوردستانەوە ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ عادل سیوسەمردە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی جۆزەردان، لە چواردەیەمین کۆنگرەی زانستەکانی باخداریی ئێراندا کە بە میوانداریی زانکۆی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی زانکۆی کوردستان وەک میوانداری چواردەیەمین کۆنگرەی زانستەکانی باخداریی ئێران، نیشانەی توانای شاراوەی ئەم پارێزگایە و مێژووی زانستیی ئەم زانکۆیەیە لە بواری باخداریدا.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە پارێزگای کوردستان جیا لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە باخییەکان، یەکێکە لە گرنگترین شوێنەکانی ڕوواندنی ڕووەکە دەرمانییەکان لە ئێراندا، وتیشی: لە نێوان نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ جۆری ڕووەکی ناسراو لە پارێزگای کوردستاندا، زیاتر لە ١٥٠ جۆریان بایەخی دەرمانیی ناسراویان هەیه.
سەرۆکی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە هەمەجۆریی کەشوهەوای پارێزگا و توانای بەرزی کوردستان لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە باخی و کشتوکاڵییەکاندا وتی: ساڵانە نزیکەی ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تۆن جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی لە پارێزگادا بەرهەم دەهێنرێت، کە ٣٠ لەسەدی هەلی کار و ٢٠ لەسەدی بەهای زیادکراوی ئابووریی پارێزگا پێکدەهێنێت.
ئاماژەی بە توانای بەرزی پارێزگا لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە باخییەکان کرد و وتی: پارێزگای کوردستان سەرەڕای هەبوونی توانای بێوێنە لە بواری بەرهەمهێنانی بەرهەمە باخییەکاندا، هێشتا لە نیوەی دووەمی ڕیزبەندیی پارێزگاکانی وڵاتدایە لە ڕووی بەرهەمهێنانی بەرهەمە باخدارییەکانەوە، کە ئەمەش نیشاندەری توانایەکی گەشەنەسەندووە و پێویستە بە پلاندانانی زانستی کەڵکی لێ وەربگیرێت.
سەرۆکی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە دوو توانای بێوێنەی سنووری سەیرانبەندی بانە و باشماخی مەریوان لە پێناو هەناردەکردنی بەرهەمە باخی و کشتوکاڵییەکاندا وتی: بەهۆی هاوسێیەتی پارێزگای کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، توانای فرۆشتنی بەرهەمە کوالێتی بەرزەکان هەیە کە هێشتا بە تەواوی کەڵکی لێ وەرنەگیراوە.
سیوسەمردە لە درێژەدا وتی: بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای کەشوهەوای پارێزگای کوردستان، چاندنی خانووی شووشەیی گرنگییەکی ستراتیژیی تایبەتی پەیدا دەکات. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە پێناو پەرەپێدانی چاندنی خانووی شووشەیی، زانکۆی کوردستان لە هەوڵدایە بۆ دامەزراندنی یەکەیەکی خانووی شووشەیی زیرەک.
